|
|
|
چاوخشاندنێك به سه‌ر خه‌باتی ژنان له كوردستانی ئیران‌دا
ن: گوڵڕۆخ قوبادی و: مه‌جید مارابی ماوه‌یه‌كه ئه‌م پرسیارانه زه‌ینی زۆرێك له خه‌باتكارانی به خۆوه سه‌رقاڵ كردوه. بۆچی خه‌بات له پێناو مافه‌كانی ژنانی كوردستاندا؟ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م خه‌باته كامانه‌ن؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه پێویسته به كورتیش بووه ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر چه‌ند پرسێك. سه‌ره‌تا لێكدانه‌وه و پێشینه‌ی خه‌باتی ژنانی كوردستانی ئێران و دواتر هه‌لومه‌رجی ئێستا ئه‌م خه‌باته و داهاتووی. لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ساڵه‌هایه له ژێر سته‌می جۆراوجۆری چینایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی و .....دایه. جگه له‌م سته‌مانه، ده‌بێ ئاماژه به سته‌می جنسی وه‌كوو كێشه‌یه‌كی گه‌وره بكه‌ین. خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وام له سه‌ره‌وه‌ی سته‌مه‌كانی تردا بووه و بۆته بنه‌مایه‌كی جیایی هه‌ڵنه‌گری ئه‌م گه‌له. ئه‌گه‌ر تا ئێستا هه‌موو چین و توێژه‌كانی ئه‌م میله‌ته بۆ روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری و نه‌هێشتنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی خه‌باتی كردوه. ئێستا ئه‌م خه‌باته لایه‌نی تازه‌تری وه‌كوو مافی بنده‌ستان و سته‌ملێكراوان، نه‌هێشتنی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نه‌هێشتنی سته‌می جنسی به‌خۆوه گرتووه. سته‌می جنسی له كوردستاندا پێشینه‌یه‌كی دوور و درێژ و مێژوویی هه‌یه. خه‌بات له دژی ئه‌م سته‌مه له مێژو‌دا، به شێوه‌ی باو دانراوه بۆ دواتر یان پاش گه‌یشتن به ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی. ئێستا داخوازیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانیش هاوته‌ریب و هاوكات له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، چینایه‌تی و ئایینی و... باس ده‌كرێت. چونكه مێژووی خه‌باتی ژنانی كوردستان و تێكۆشانی خه‌باتكارانی ئه‌و رێگایه، سه‌لماندویه‌تی كه به بێ له‌به‌رچاو گرتنی مافه‌كانی ژنان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراتیك له ئێران و كوردستاندا به ره‌سمی ناناسرێت. ئاماژه‌یه‌كی كورت به مێژووی ئه‌م خه‌باته و داخوازیه‌كانی ژنان ئه‌و راستیه به روونی ده‌رده‌خات. مێژووی خه‌باتی ژنان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ساڵانه‌ی كه مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی په‌روه‌رده كرد و ئه‌وی وه‌كوو ژنێكی كوردستانی كرده یه‌كه‌م ژنی مێژوونووسی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌باتی ژنان له شه‌ڕه جۆراوجۆره‌كاندا كه به جل و ناسنامه‌ی پیاوانه‌وه له به‌ره‌كانی جه‌نگدا به‌شداری یان ده‌كرد. ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌باتی ژنانێك كه ژنێكی وه‌كوو قه‌ده‌م خێری كرده سه‌ركرده‌ی راپه‌ڕینی پشتكۆ. یان بۆ ئه‌و دایكانه‌ی له ماڵدا و به‌ته‌نیایی له كاتی چوونی پیاواندا بۆ نێو ریزی خه‌بات، بۆ زیندومانه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان و درێژه‌دان به ژیان و له كۆتاییدا بۆ زیندومانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یان تاقه‌تپڕوكێنترین و سه‌خت ترین ژیانی وه‌كوو، بێكاری ، جه‌نگ، ده‌ستدرێژی، برسیه‌تی و ئاواره‌یی یان به گیان كڕی. ئه‌م روداوانه‌ش زۆر به كه‌می مێژوونووسان وه‌كوو خه‌باتی ژنان و هه‌وڵه‌كانی ئه‌وان بۆ زیندوو مانه‌وه‌ی میله‌تێك و به‌رده‌وام بوونی نه‌وه‌ی نوێ به ئه‌ژمار هێناوه. چونكه مێژوونووسانی ئێمه زۆربه‌یان پیاون و مێژووی خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی خۆیان ده‌نووسنه‌وه و به ناوی خۆیانه‌وه تۆماری ده‌كه‌ن، و تێكۆشان و خه‌باتی ژنان له‌و رێگایه‌دا له‌به‌رچاو ناگرن. مێژووی خه‌باتی ژنان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانێك كه ژنانێكی دڵسۆز و فیداكاری وه‌كوو حه‌فسه خان، مینا خان و ده‌یان ژنی تر جگه له یارمه‌تیدان به كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفته‌كانی ژنان دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی كچانه و هه‌وڵدان بۆ ناردنی كچان بۆ قوتابخانه له بواره‌كانی تردا خه‌باتیان ده‌كرد. ئه‌م مێژووه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانێك كه ژنانی رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و شاعیر گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ند تابوه‌كانیان شكاند‌و هه‌وڵیاندا له بواره جۆراوجۆره‌كانی هونه‌ردا ده‌ركه‌ون. وه‌كوو ره‌وشه‌ن به‌درخان شاعیر و رۆژنامه‌نووس، مریه‌م خان گۆرانی بێژی ده‌نگ خۆش و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك، سه‌ره‌نجام ژنی نه‌ناسراو بیرمه‌ندی ئه‌م سه‌ده‌یه روناك یاسین، (١٩٢٠ – ٢٠٠٢) لێكۆڵه‌ر، شوێنه‌وارناس، مێژوونووس، ره‌خنه‌گر و مامۆستای زانكۆكانی هاروارد و دوبلین. و ده‌یان ژنی تر. ئه‌م مێژووه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانێك كه ژنانی كوردستان هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژنانی جیهان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خۆیان هه‌ستانه سه‌رپێ و خه‌باتیان كرد. بۆ یه‌كسانی نێوان ژنان و پیاوان و گه‌شه‌ی بیر و باوه‌ڕی فیمینیستی له كوردستان و ناساندنی به خه‌ڵك تێده‌كۆشان. سه‌ره‌نجام ئه‌م مێژووه به‌م ساڵانه‌ی دوایی و به ئه‌مڕۆ ده‌گات، كه ئه‌ندێشه و داخوازیه‌كانی ژنان هاتوه‌ته ناو بواره‌كانی ئه‌ده‌بیات، سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵ و ئابوریه‌وه له كوردستان. به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه به‌نرخانه چ دیاریه‌كی بۆ ئێمه به‌جێهێشت و چ وانه‌گه‌لێكی به ئێمه داوه. سه‌رده‌می پاشایه‌تی په‌هله‌وی به پشت به‌ستن به‌م مێژووه و درێژه‌دانی ئه‌م هه‌وڵانه بوو كه كچان و كوڕانی كوردستان له ده‌یه‌ی ٤٠ و ٥٠ی هه‌تاویدا خه‌باتی خۆیان به ئیلهام گرتن له خه‌باتی جیهان، ئێران و كوردستان و به ئایدۆلیژیای چه‌پ و ماركسیستی به گه‌شه‌ی وشیاری و رێكخستنی خۆیان هه‌نگاویان هه‌ڵگرت. ئه‌م لاوه وشیارانه رێكخراوی جۆراوجۆر و نهێنیان پێكهێنا. ژماره‌یه‌ك له‌م لاوانه له هه‌مان سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ خه‌باتی پارتیزانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی جیهان و ئێران سنوور به‌ندیان كرد و به په‌یره‌وی كردن له رێبازی جه‌ماوه‌ری، به‌هه‌ڵوێستی كرێكاری و تێكه‌ڵ كردنی له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان چالاكیان ده‌ستپێكرد. به‌م جۆره ئه‌م لاوانه سه‌رباری هه‌وڵدان بۆ پێكهێنانی رێكخراوێكی پته‌و، بۆ په‌ره‌پێدانی چالاكیه‌كانی خۆیان له نێو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی گوند و شاره‌كان و ژنانی سه‌ر به توێژه جیاجیاكانی وه‌كوو مامۆستایی، كاری بیناسازی، كشت و كاڵی و ...ده‌ستیان دایه چالاكی. سه‌ره‌نجام بڕیاری به كۆمه‌ڵی ئه‌م خه‌باتكارانه پێكهێنانی رێكخراوێكی چه‌پ و ماركسیستی به ناوی كۆمه‌ڵه‌ی لێكه‌وته‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان بۆ روخاندنی رێژیمی پاشایه‌تی به‌شداری ژنان له خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان بۆ ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی، قۆناغێكی نوێی خه‌باتی ژنان ده‌ستی پێكرد. ئه‌وان خه‌باتی خۆیان له كونجی ماڵه‌وه كێشایه سه‌ر شه‌قامه‌كان و بیری چه‌پ و پێشكه‌وتن خوازانه‌یان وه‌رگرت. له دژی جه‌هل و دواكه‌وتوویی و یاسا مه‌زهه‌بی و پیاوسالارانه‌كان وه‌ستانه‌وه. سه‌ره‌نجام زۆرێك له له‌مپه‌ر و تابووه‌كانیان تێك‌شكاند، و به‌م جۆره له هه‌موو بواره جۆراوجۆره‌كانی خه‌باتدا به‌شدار بوون. ساڵی ١٣٥٧ و ده‌سپێكی شۆڕش له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شۆڕش ئێمه شایه‌تی دوو بۆچوونی به‌رجه‌سته‌ی مه‌زهه‌بی – چه‌پ و سۆسیالیستی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و كوردستاندا بووین. بۆچوونی مه‌زهه‌بی موسڵمانانی لایه‌نگری بیروبۆچوونی رێبه‌ره‌كه‌یان موفتی زاده‌ی ده‌گرته‌وه كه له رێكخراوێكدا به ناوی مه‌كته‌ب قورئان گیرسانه‌وه. رۆڵ و به‌شداری ژنان له‌و ته‌شكیلاته‌دا زۆر لاواز بوو. ئه‌م بۆچوونه له هه‌مان سه‌ره‌تاوه له روانگه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی سونیه‌وه (به قه‌ولی خۆیان) ئیسلامی نابی موحه‌مه‌دی نه‌ك ئیسلامی خومه‌ینی، له دژی ژنان و ئازادیه‌كانی هاته مه‌یدان. به خستنه ژێر فشاری ژنان و ئازاردانی ئه‌وان هه‌وڵیان ده‌دا به‌ر به تێكۆشانی ژنانی خه‌باتكار بگرن. بۆ نموونه به‌رگرتن له چوونی ژنان بۆ مزگه‌وته‌كان به مه‌به‌ستی به‌شداری كردننیان له كۆبوونه‌وه ناڕه‌زاییه‌كاندا، به‌شداریكردن له خۆپیشاندانه‌كان و چالاكی و سه‌ردانی ژنان بۆ مقه‌ڕ و بنه‌كه‌كانی رێكخراوه سیاسیه‌كان و ..........هتد به كارهێنانی حیجابی ئیسلامی به هۆی ئه‌وه‌ی كه له نه‌ر‌یت وسونه‌ته‌كانی مه‌زهه‌بی سوننه نه‌بووه، نه له سه‌رده‌می خۆپیشاندانه‌كان و نه دوای شۆڕش و ئازاد بوونی شاره‌كان نه‌هاته ئاراوه. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ساڵی ١٣٥٩دا دوای داگیركردنی كوردستان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه و هێرشكردنه سه‌ر ئازادیه‌كانی خه‌ڵك، به یاسا به سه‌ر خه‌ڵكیدا سه‌پێنرا. بۆچوونی چه‌پ و سۆسیالیست ئه‌م بۆچوونه كه پێشینه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك دوورودرێژی له كوردستاندا هه‌بوو، له هه‌مان رۆژه‌كانی یه‌كه‌می شۆڕشه‌وه له كوردستان وه‌كوو بۆچوونی سه‌ره‌كی ئه‌و خه‌باته هاته‌ئاراوه. ئه‌و هۆكارانه‌ی بونه هۆی نفوز‌و په‌ره‌گرتنی ئه‌م بۆچونه بریتی بون له: داخوازی پرسی نه‌ته‌وه‌یی، بوونی زۆرینه‌ی سوننه مه‌زهه‌ب، نفوز و متمانه‌ی حیزبه چه‌په‌كان، وه‌كوو كۆمه‌ڵه، چریكه فیدایه‌كانی خه‌ڵك و په‌یكار و ....ئه‌ندام بوونی ژنان و پیاوانی گه‌نج و لاو له‌و رێكخراوانه‌دا و پێكهاتنی بارودۆخی ئازاد بۆ گه‌شه‌كردنی بۆچوونی چه‌پ و ئازادیخواز له نێوان لاوان و خه‌ڵكدا، و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پاشه‌كشه پێكردنی بۆچوونه ئایینی و دواكه‌وتووانه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌مووی ئه‌مانه و چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی تری له‌م چه‌شنه بوون به هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌لومه‌رجی كوردستان به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاره‌كانی تری ئێران له خه‌بات له دژی كۆماری ئیسلامی شێوازێكی تر به خۆوه بگرێت. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شۆڕش و ئاشكرا بوونی حیزبه‌كان، دوو حیزبی سه‌ره‌كی كوردستان حیزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵه ده‌ستیان به كار و چالاكی كرد، و توانیان ببنه دوو هێزی جێكه‌وتووی كوردستان. ده‌سه‌ڵاتدارێتی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتینی كۆماری ئیسلامی و ده‌ركردنی یه‌كه‌م فه‌رمانی خومه‌ینی سه‌باره‌ت به حیجابی زۆره‌ملی، ژنانی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ژنانی ئێران له دژی ئه‌و فه‌رمانه خۆپیشاندانێكی به‌ربڵاویان رێكخست. له‌و خۆپیشاندانه‌دا بۆ یه‌كه‌م جار و دوای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی كۆماری ئیسلامی به رێبه‌ری خومه‌ینی دروشمی نه روسه‌ری نه توسه‌ری، نا بۆ ئه‌م دیكتاتۆریه ده‌وترایه‌وه. چه‌ند رۆژێك زیاتر له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م رژێمه تێنه‌په‌ڕیبوو كه یه‌كه‌م شه‌ڕی كوردستان له سنه‌وه ده‌ستی پێكرد. به ده‌ستپێكردنی ئه‌م شه‌ڕه ژنان له نه‌خۆشخانه‌كان و یارمه‌تی گه‌یاندن به به‌ره‌كانی جه‌نگ و دابینكردنی پێداویستیه‌كانی خه‌ڵك، له رێگای بنكه‌كانه‌وه رۆڵێكی به‌رجه‌سته‌یان گێڕا. شورای ژنان یه‌كه‌م ده‌سكه‌وتی ژنان له‌م ده‌وره‌یه‌دا رێكخراوه ئاشكراكانی ژنان له ژێر ناوی شورای ژنان یان كۆڕی ئافره‌تان، له زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستاندا بوو. ئه‌م رێكخراوانه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا چه‌ندین كاری هه‌ماهه‌نگیان ئه‌نجام ده‌دا. ئامانجی ئه‌وان رێكخستنی ژنانی رۆشنبیر بۆ گه‌شه‌پێدانی وشیاری خه‌ڵك و رێكخستنی ژنان له دێهاته‌كان و، په‌راوێزی شاره‌كان، كارگه‌كانی فه‌رش چنین و ....به مه‌به‌ستی خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوو. هێرشكردنه‌سه‌ر ده‌سكه‌و‌ته‌كانی خه‌ڵك به هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان له ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ و هاتنی جه‌لادی كۆماری ئیسلامی خاڵخاڵی و زه‌ت كردنی ئازادیه‌كانی خه‌ڵكی و هه‌ڵپێچانی رێكخراوه دیموكراتیه‌كان و نایاسایی كردنی چالاكی رێكخراوه‌كان و حیزبه‌كانی ئوپۆزسیۆن، جه‌نگ و كوشت و بڕ و له سێداره‌دانه‌كان ده‌ستی پێكرد. لاوانێكی زۆر له سه‌رتاسه‌ری كوردستان ده‌ستگیركران ، و له ماوه‌یه‌كی كورتدا سزای له سێداره‌دانی ئه‌وان به بێ دادگایی كردن ده‌ركرا و جێبه‌جێ كرا. له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا ژنان به مانگرتن و خۆپیشاندانی سه‌رشه‌قام و رێپێوانه‌كان كۆڵه‌كه‌ی قایمی خه‌بات له دژی ئه‌و ئێعدامانه بوون. به‌ڵام ئه‌و جه‌لادانه‌ی سه‌رده‌م ره‌حمیان به هیچ دایك و منداڵێك نه‌ده‌كرد. هێزی پێشمه‌رگه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی حكومه‌ت و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕش پێكهات و له شاره‌كان هاتنه ده‌ره‌وه و روویان كرده دێهاته‌كان. پێشمه‌رگه‌كان له پیاوانی لاو پێكهاتن و ژنانی خه‌باتكاریش له شاره‌كان ته‌شكیلاتی نهێنیان بوژانده‌وه و له نێو خه‌ڵكی شار و دێهاتدا درێژه‌یان به چالاكیه‌كانی خۆیاندا. هاوكات ئه‌ركه ته‌شكیلاتیه‌كانی تری وه‌كوو په‌یوه‌ندی كردن له‌گه‌ڵ رێكخستنی شاره‌كان، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه، كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی ماڵی و ته‌داروكاتی، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی بڵاوكراوه و هه‌واڵی رێكخراوه‌كان، گواستنه‌وه‌ی خه‌باتكاران له شاركانی ئێرانه‌وه بۆ ناوچه ئازاده‌كان و ده‌یان چالاكی تری له‌و جۆره‌یان ئه‌نجامداوه. لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی كه چالاكی دایكان و هاوسه‌رانی پێشمه‌رگه‌كان وه‌كوو خاڵێكی به‌رجه‌سته‌ی خه‌باتی ئه‌و سه‌رده‌مه له به‌رچاوبگرین و سوپاس و پێزانینیان ئاراسته بكه‌ین. هێرشی كۆماری ئیسلامی له ساڵی ١٣٦٠دا ئه‌م هێرشه له‌گه‌ڵ شاڵاوی خه‌فه‌قان و حكومه‌تی سه‌ربازی رانه‌گه‌یه‌ندراودا ده‌ستی پێكرد كه هه‌ر ده‌نگێكی له گه‌رودا تاساند. به هێرشكردنه سه‌ر رێكخستنه‌كان شه‌پۆلی ده‌ستگیركردن و ئێعدامه‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه و له‌و په‌یوه‌نده‌دا ژنانێكی زۆر ده‌ستگیر و ده‌ستدرێژیان كرایه‌سه‌ر و كه‌وتنه‌به‌ر دڕندانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌وه و زۆربه‌یان له سێداره‌دران. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌م ژنانه له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی رێكخراوه‌كان به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵه كه زۆرترین ژنانی چالاك و خه‌باتكاری له‌گه‌ڵدا بوو په‌یبوه‌ست بوون. خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی ژنان بوونی ژنان به پێشمه‌رگه و په‌یوه‌ست بوونیان به خه‌باتی چه‌كدارانه خۆی پێویستی خه‌بات له دژی پیاوسالاری و دواكه‌وتوویه‌كانی كۆمه‌ڵگه بوو. چونكه ئه‌و بواره‌ی خه‌بات تا ئه‌و كاته له مێژوی كوردستان دا و تێكۆشان له‌م بواره‌دا بۆ پیاوان بوو، هاتنه ناو ئه‌و گۆڕه‌پانه‌و تێكشكانی ئه‌و له‌مپه‌ره خه‌باتێكی سه‌ختی هه‌م له ئاستی كۆمه‌ڵگه و هه‌م له ریزی ته‌شكیلاته‌كاندا پێویست بوو. ئه‌گه‌رچی به سه‌رنجدان به مێژووی ژنانی كوردستان ئێمه یه‌كه‌مین خه‌باتكارانی چه‌كداری ئه‌و رێگایه نه‌بووین. به‌ڵام ئه‌م ده‌وره‌یه خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیه‌كی به‌رچاو بوو كه ئه‌وی له‌گه‌ڵ مێژووی خۆیدا جیاده‌كرده‌وه. - ژنانی لێبڕاو وشیار بۆ روخاندنی ڕێژیمی دیكتاتۆر و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆسیالیستی خه‌باتیان ده‌كرد. - ژنان نه‌ك هه‌ر وه‌كوو تاك و به مه‌به‌ستی هێزی پشتیوانی و یارمه‌تیده‌ر به‌ڵكوو به شێوه‌ی كۆمه‌ڵی چه‌كدار و به ئه‌ركێكی یه‌كسان له‌گه‌ڵ پیاوانیش خۆیان پێناسه كرد. - خه‌بات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی یه‌كسانی ژنان و پیاوان له به‌رنامه‌ی كاری خۆیاندا دانابوو. به‌مجۆره ده‌ورێكی نوێ له خه‌باتی ژنان له كوردستان ده‌ستی پێكرد. له مێژووی كوردستاندا ئه‌م تابو شكاندنه به‌ناوی ژنانی كۆمه‌ڵه و كۆمه‌ڵه‌وه تۆمار كراوه. كۆماری ئیسلامی له كوردستان هیچ كات ئارامی به خۆوه نه‌بینی ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی توانی هه‌ر جۆره ده‌نگێكی ئازادیخوازی له ئێران به شه‌پۆلی گه‌وره‌ی ده‌ستگیریه‌كان و كوشت‌و بڕه دڕندانه‌كان و له سێداره‌دانه‌كان بتاسێنێت. به‌ڵام له كوردستان هیچ كات نه‌یتوانی ئارامی به خۆوه ببینێت. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ته‌شكیلات له شاره‌كاندا نه‌مابووه‌وه، به‌ڵام ژنان له كۆڕ و كۆمه‌ڵه بچوكه‌كاندا له ده‌وری یه‌كتر كۆده‌بوونه‌وه و به رۆشتنیان بۆ ناوچه ئازاده‌كان و ده‌ستخستنی هه‌واڵ، هه‌واڵه‌كانی پێش‌مه‌رگه‌یان به خه‌ڵك ده‌گه‌یاند. له چالاكیه سه‌ربازیه‌كانی پێشمه‌رگه‌كاندا له ناوخۆی شاره‌كاندا له بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و حه‌شاردانی پێشمه‌رگه و برینداره‌كان و گه‌یاندنیان به شوێنی ئه‌من و گه‌یاندنیان به شاره‌كانی تری ئێران بۆ ده‌رمانكردن و ده‌یان جۆر له‌م كارانه یارمه‌تی رێكخراوه‌كانیان ده‌دا. یارمه‌تی ماڵیان كۆده‌كرده‌وه و له رێگای ژنان و به تایبه‌ت دایكان به پێشمه‌رگه‌كانیان ده‌گه‌یاند. بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه‌كانیان ده‌ست به ده‌ست بڵاوده‌كرده‌وه. له ژێر له‌وای له دایك بوونی منداڵه‌كانیان رۆژه مێژوویه‌كانی وه‌كوو رۆژی جیهانی ژن، یه‌كی ئایار، رۆژی كۆمه‌ڵه و هه‌ر وه‌ها كۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆریان به‌ڕێوه ده‌برد. ئه‌و چالاكیانه كاتێك ئه‌نجام ده‌دران كه هه‌ر جۆره كۆبوونه‌وه‌یه‌ك قه‌ده‌غه بوو. له شار‌و گونده‌كانه‌وه ژنان به ریزی پێشمه‌رگه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بوون. ئه‌وانه ته‌نها چه‌ند گۆشه‌یه‌كی بچوك له چالاكیه‌كانی ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی ژنان بوون. هه‌ر لێره‌دا ده‌بێ سوپاس و پێ‌زانین ئاراسته‌ی ته‌واوی ژنانی دێهاته‌كانی كوردستان بكرێت به بۆنه‌ی كۆمه‌ك و پشتیوانی بێدرخیان له پێشمه‌رگه. ئه‌و دلێرانه كه به جه‌ربه‌زه‌وه ده‌توانرێ بوترێ یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كیه‌كانی له سه‌ر پێ مانه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی گه‌لی كورد بوون كه به ته‌واوی تواناوه له هه‌وڵی ئه‌ودا بوون یارمه‌تی پێشمه‌رگه بكه‌ن. سفره‌ی هه‌ژارانه‌یان هه‌میشه بۆ پێشمه‌رگه كراوه بوو. له هه‌وڵی پارستان و ئاسوده‌یی ئه‌وان دا بوون. برینداره‌كان له مالی خۆیاندا حه‌شار بده‌ن. گروپه‌كانی عه‌مه‌لیاتیان له ناوچه ئه‌منه‌كاندا ده‌شارده‌وه. یارمه‌تی دایكانمانیان ده‌كرد و ئه‌وانیان ده‌گایانده لای پێشمه‌رگه‌كان و رۆڵه‌كانیان. و ده‌یان و سه‌دان فیداكاری تریان ئه‌نجامداوه. كه به راستی جێگای پێزانینه. هه‌لومه‌رجی خه‌بات له شاره‌كاندا ده‌وڵه‌ت له ده‌یه‌ی ٦٠دا ژنانێكی زۆر به‌تایبه‌ت به هۆی خزمایه‌تی و نزیكایه‌تیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان (هاوسه‌ر، خوشك، دایك) و پێشینه‌ی سیاسیان، له سه‌ر كار ده‌ركرد. زۆرێك له‌وان به كارگه‌لێكی تری وه‌ك و فه‌رش چنین و خه‌یاتی و ... هتد ژیانی هه‌ژارانه‌ی خۆیان و منداڵه‌كانیان دابین ده‌كرد و هه‌روا خۆڕاگر و بوێرانه له به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی‌دا درێژه‌یان به خه‌بات و خۆیان ده‌دا. ده‌وڵه‌ت به‌وه‌ش وازی نه‌هێنا ده‌یان بنه‌ماله و سه‌دان كه‌سیان له ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ شاره دووره‌ده‌سته‌كانی ئێران دوورخسته‌وه. به‌ڵام ئه‌و ژنانه له‌وێیش ئارامیان نه‌گرتوو به له‌قاودانی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌وان سه‌ره‌نجی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌یان راده‌كێشا. شه‌ڕی ئێران و عێراق جگه له كاریگه‌ریه ماڵوێرانكه‌ره‌كانی له سه‌ر گیان و ماڵی خه‌ڵك داڕمانی ئابوری و بێكاری لێكه‌وته‌وه. فشاری ئابوری له‌سه‌ر خه‌ڵك، و رووكردنی ژنان له كار و پیشه به‌هۆی هه‌ژاری و نه‌داریوه خۆی بوو به هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی به كرده‌وه كۆماری ئیسلامی ناچار به پاشه‌كشه له كۆسپه پیشه‌یه‌كانی ئه‌واندا بكات. رووتێكردنی كچان و ژنان له خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه و پسپۆڕی جۆراوجۆری زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی . به‌كرده‌وه وه‌ڵامێكی توند بوو به كۆسپ و له‌مپه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ١٢٤ به‌شی زانكۆ له ژنان و بێكار كردن و ده‌ركردنی ئه‌وان له پیشه جۆراوجۆره‌كان و هه‌وڵدان بۆ خانه‌نشین كردنی ئه‌وان بوو. خوێندنی ژنان و رووتێكردنیان له كاركردن و پێویستیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بووه هۆی هێنانه ئارای داخوازیه‌كانی ئه‌وان. نكۆڵی كردنی داخوازیه‌كانی ژنان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و پێكهێنانی كۆسپه‌كان و داڕشتنی یاسای دژه ژن هه‌موویان هۆكارێك بوون بۆ خه‌باتی ژنان له پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واكانی خۆیان كه به ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له رێگای چاپه‌مه‌نیه‌كان، كتێبه‌كان و سایته فیمینیستیه‌كانه‌وه ده‌ستی پێكرد. به‌مجۆره یاسای دژه ژنی كۆماری ئیسلامی خرایه ژێر پرسیاره‌وه. كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانه جۆراوجۆره‌كانی وه‌كوو مه‌راسیمه‌كانی هه‌شتی مارس و نووسینی بڕیارنامه‌گه‌لێك له‌و پیوه‌نده‌دا و دیاریكردنی داخوازیه‌كانی ژنان رێكخرابوو. خه‌بات له دژی كوشتنی ژنان و قه‌تڵه ناموسیه‌كان و داب و نه‌ریتی دواكه‌وتووانه و بیرۆكه‌ی خێڵه‌كی و پیاوسالارانه له كوردستان ده‌ستی پێكرد. سه‌رئه‌نجام پێكهاته و رێكخراوه دیموكراتیك و ئاشكراكان به مه‌به‌ستی خه‌بات بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی خواسته‌كانی ژنان به‌رپا بوو. هه‌مووی ئه‌مانه و ده‌یان حاڵه‌تی تر نمونه‌ی زیندووبوونی و ده‌ره‌وشاوه‌یی بزوتنه‌وه‌ی ژنانه. كه چالاكان و پێشڕه‌وانی خۆی پوخته و كارا كردوه. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وه‌كوو به‌شێك له خه‌باتی سه‌راسه‌ری ئێران،و به‌شێك له بزوتنه‌وه‌ی ژنانی ئێران و هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌وان بۆ له‌ناوبردنی سته‌می جنسی و یاسای هه‌ڵاواردنی ده‌وڵه‌تی له نێوان ژنان و پیاوان و ده‌یان یاسای نابه‌رابه‌ری تر خه‌بات ده‌كه‌ن. و هه‌روه‌ها وه‌كو ژنانی كوردستان بۆ له‌ناوبردنی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی وجنسیش له خه‌باتدایه. و له لایه‌كی تره‌وه له‌گه‌ڵ خه‌باتی ژنانی پارچه‌كانی تری كوردستان هاوچاره‌نووس بووه وئه‌زمونی به‌ده‌ست هێناوه و كاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌بووه له‌و رێگایه‌دا تێده‌كۆشێت. دواكوتوویی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كه به هۆی نه‌بوونی ناوه‌ندی پیشه‌سازی له كوردستان و كه‌می كار و پیشه بۆ ژنان چینه هه‌ژاره‌كانی كۆمه‌ڵ و نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری ژنان له ئاستی به‌ربلاودا و ناوشیاری ژنان له سه‌ر مافه ره‌واكانی خۆیان، خه‌بات له دژی بیرۆكه‌ی پیاوسالاری و خێڵه‌كی، فره ژنی، هاوسه‌رگیری له ته‌مه‌نی مناڵیدا، ژن به‌ژنه و، خه‌ته‌نه كردن، خۆسوتاندن ، كوشتنی ناموسی و ده‌یان داب و نه‌ریتی دواكه‌وتوانه له‌و گیروگرفتانه‌ن كه ژنانی كوردستان له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ن. . له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژنانی خه‌باتكار و وشیار به شێوازی جۆراوجۆر له به‌رامبه‌ریدا راوه‌ستاون. ئه‌گه‌ر چاوێك به بواره‌كانی تری وه‌كوو شێعر و ئه‌ده‌بیات، مۆسیقا و فیلمی ژنانه‌دا بخشێنین، له كولتوری كوردیدا جێگایه‌كی نیه. له بواری شێعر و مۆسیقادا ئه‌گه‌رچی چه‌ند هه‌نگاوێك هه‌ڵگیراوه به‌ڵام هێشتا له سه‌ره‌تای كاردایه. لێره‌دا ده‌بێ سوپاسی له‌مپه‌ر شكێنانی ئه‌و رێگایه بكرێت. چونكه ئه‌وان نه‌ك هه‌ر داهێنه‌رانی ئه‌و رێگایه‌ن به‌ڵكوو خۆڕاگرانی سه‌رسه‌ختی خه‌بات له دژی بیرۆكه‌ی دواكه‌وتوانه‌ی ئایینیشن. ئه‌زمونه‌كانی ئه‌و خه‌باتانه پێداچوونه‌وه‌یه‌كی كورت به سه‌ر ئه‌و خه‌باته‌دا ده‌ریده‌خات كه سه‌رباری فیداكاریه‌كانی خه‌باتكارانی ئه‌و رێگایه و هه‌ڵبژاردنی ئایدۆلیژیای ماركسیستی و یه‌كسانی خوازانه و ئازادی خوازانه دیسان داخوازیه‌كانی ژنان به درێژایی ساڵانێكی دور و درێژ له ژێر كێوێك له داخوازیه‌كانی تردا ونبوون. ئه‌و رێكخراوانه سه‌رباری بیر‌و باوه‌ڕ و هه‌وڵی دروستیان بۆ له‌ناوبردنی سته‌می جنسی و ده‌یان نابه‌رابه‌ری تر، ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانی ژنانیان بۆ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌نداریه‌تی تایبه‌تبه‌ت و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌ی سۆسیالیستی ده‌هێشته‌وه. به‌رامبه‌ر به خه‌باتی دیموكراتیك ژنان و به‌رجه‌سته كردنی داواكاریه‌كانیان، پێكهێنانی رێكخراوی سه‌ربه‌خۆ له‌و پێناوه‌دا خه‌مسارد بوون. ئه‌گه‌رچی هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سۆسیالیستی خۆی له خۆیدا بۆ رزگاری مرۆڤایه‌تی دروست و حاشا هه‌ڵنه‌گره. به‌ڵام راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه بۆ گه‌یشتن به‌و كۆمه‌ڵگایه رێگایه‌كی دوور و درێژ له به‌رده‌مدایه و له‌و رێگایانه به دروستی كه‌ڵك وه‌رنه‌گیراوه. ئه‌و پرسه و فشار و خه‌فه‌قانه‌كانی كۆماری ئیسلامی بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رباری هه‌وڵی بێدرێخی ژنان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی خۆیان هێشتا له سه‌ره‌تای رێگادان و له هه‌ر ئاڵوگۆڕێكدا داخوازیه‌كانی ئه‌وان كه‌وتۆته په‌راوێزه‌وه و دانراوه بۆ دواتر. جگه له‌مه له كوردستان به هۆی بوونی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه، گرنگی به سته‌می جنسی نه‌دراوه وه‌كوو سته‌می دووبه‌رابه‌ر به ره‌سمی نه‌ناسراوه. ژنانی كوردیش وه‌كوو توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كه‌وتونه‌ته ژێر زوڵم و سته‌می دووبه‌رابه‌ره‌وه. نه‌بوونی پێناسه‌یه‌كی دروست له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه نه‌توانرێت تایبه‌تمه‌ندیه‌كان و رێگه‌چاره خه‌باتكارانه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ژنان به دروستی ده‌رك بكرێت. لێره‌دا ده‌مه‌وێت سه‌رنجی ئه‌و كه‌سانه راكێشم كه ئیدعای ئه‌وه ده‌كه‌ن به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه ( جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی ژنان له كوردستان) ده‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه و دووبه‌ره‌كی له نێوان ژنانی خه‌باتكاری كوردستان له‌گه‌ڵ ژنانی خه‌باتكاری ئێران و جیهاندا. به بۆچوونی من به‌رجه‌سته‌كردنی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خه‌بات له ناوچه و كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كاندا نه‌ك هه‌ر نابێته هۆی نانه‌وه‌ی دووبه‌ركه‌ی و ئاژاوه به‌ڵكوو ده‌بێته هۆی گه‌یشتن به لێكدانه‌وه‌ی دروست و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی روون و ئاشكرا بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی خه‌باتێكی یه‌كگرتوانه‌تر. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و به گه‌شه‌ی خه‌باتی ژنان و وشیار بوونه‌وه‌یان به مافه‌كانی خۆیان دامه‌زراوه دیموكراتیه‌كانیش به داخوازیه‌كانی ژنانه‌وه پێكهاتن. ئه‌گه‌رچی ئه‌و داخوازیانه هێشتا سه‌ره‌تایین و له ئاستی گۆڕینی هه‌ندێك یاسای ده‌وڵه‌تیدا بوون و نه‌گه‌یشتونه‌ته خواسته بنه‌ڕه‌تیه‌كان، به‌ڵام تا ئێره‌ش هه‌ندێك له هه‌وڵ و تێكۆشانی چالاكانی ئه‌و رێگایه ده‌رده‌خات كه به نرخی ده‌ستگیری و، ئه‌شكه‌نجه،و به‌خشینی سه‌روماڵیان بووه. راستی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئه‌وه‌یه كه نه ئه‌م داخوازیانه و نه هیچ داخوازیه‌كی دیموكراتیكی تر به بوونی كۆماری ئیبسلامی به ئه‌نجام ناگات. به‌ڵام هه‌مووی ئه‌و هه‌وڵ وتێكۆشانه له وشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر و له‌قاودانی كۆماری ئیسلامی‌دا كاریگه‌ریه‌كی به‌نرخی هه‌بووه و ده‌یبێت. لێره‌دا نابێت رۆڵی به‌رجه‌سته‌ی پیاوان و به‌تایبه‌ت پیاوانی وشیار و شۆڕشگێڕ له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی دواكه‌وتوانه وپیاوسالارانه‌دا له‌به‌رچاو نه‌گرین كه تا ئێستا و له قۆناغه جیاجیاكانی ئه‌و خه‌وباته‌دا رۆڵێكی كاریگه‌ر و به نرخیان هه‌بووه، چونكه به بێ هاوكاری و یارمه‌تی ئه‌وان و به نه‌بوونی رێكخرا و دامه‌زراوه‌كانی تری خه‌باتكاری، خه‌باتی ژنان به ئه‌نجام ناگات. دابڕان و جیابوونه‌وه له نێوان رێكخراوه چه‌په‌كاندا له كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ئه‌گه‌رچی له خۆیدا نیشانه‌ی گه‌شه‌ی بیر و باوه‌ڕ و بۆچوونی جۆراوجۆر و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه، و ده‌یتوانی ببێته هۆی گه‌شه‌ی بیری نوێ و دۆزینه‌وه‌ی رێكاری نوێی خه‌بات، به‌ڵام به‌داخه‌وه بوو به هۆی په‌رته‌وازه‌بوون و دابڕان و پشێوی له خه‌باتی حیزبه‌كان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و هه‌ره‌ها رێكخراوه‌كانی ژناندا و له نیهایه‌تدا له پرش و بڵاوبوونی خه‌باتی ژناندا بێ كاریگه‌ر نه‌بووه. ئێستا ژنان زیاتر له هه‌ر كاتێكی تر پێویستیان به رێكخرابوون به داخوازی دیار و ئاشكرا هه‌یه. ئه‌و داخوازیانه ده‌بێ به گوێره‌ی پێویستیه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه گه‌ڵاڵه بكرێت. له شۆڕشێكی تر و ده‌سه‌ڵاتێكی تردا ئێمه ژنان ده‌بێ خاوه‌نی پرۆگرام و داواكاری روون و دیاری خۆمان بین. و هه‌ر له ئێستاوه بانگه‌شه‌یان بۆ بكه‌ین و بیكه‌ین به وشیاری گشتی خه‌لك به تایبه‌ت ژنان. چونكه وشیاری فیمینیستی و گه‌شه‌ی خه‌باتی ژنان گه‌یشتۆته قۆناغێك كه ده‌كرێت ئه‌و چاوه‌ڕوانه‌یمان له چالاكانی بزوتنه‌وه‌كه له كوردستان هه‌بێت و چاوه‌ڕوانی به‌رنامه و پلاتفۆرمی ئه‌وان بین. وه‌كوو دوایین قسه، ژنانی كوردستان خاوه‌نی ئه‌زمون و مێژووی خه‌باتی خۆیانن. له‌م رێگایه‌دا هه‌ڵسوڕاوان و رێبه‌رانێكی زۆر په‌روه‌رده بوون. كوردستان به هۆی هه‌بوونی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ی و جنسی و داوكه‌وتوویی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری، خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خه‌باتكارانه‌ی خۆی بووه و هه‌وڵی هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌و رێگایه‌ی ده‌وێت به رونكردنه‌وه‌ی داخوازیه‌كانی خۆیه‌وه. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه وه‌كوو به‌شێك له خه‌باتی ژنان له‌گه‌ڵ چین و توێژه‌كانی تر له ئێران‌دا هاوچاره‌نووس و به‌شی جیایی هه‌ڵنه‌گری ئه‌م خه‌باته به ئه‌ژمار دێت و تا روخاندنی رێژیمی كۆماری ئیسلامی و گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیموكراتیك له تێكۆشاندا ده‌بێت. له لایه‌كی دیكه‌وه به هۆی هاوچاره‌نووسی گه‌لی كورد خه‌باتی ژنانی كوردستانی ئێران ده‌ستی له ده‌ستی خه‌باتكارانه‌ی ژنانی پارچه‌كانی تری كوردستان هه‌ڵپێكراوه.
|
هرگونه کپی برداری یا استفاده از مطالب مندرج در سایت"آشتى"، با درج منبع آزاد است